لیژنه‌ی ده‌سپاكی و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له ‌خانه‌نشینی و مووچه‌ كۆبوونه‌وه‌‌

11/02/2018 02:20:00 م
سه‌عات 2ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 11/02/2018، لیژنه‌ی ده‌سپاكیی په‌رله‌مانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له ‌خانه‌نشینی و مووچه‌ و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی یاسایی و تایبه‌تمه‌ندی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كۆبوونه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامه‌كانی به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له ‌خانه‌نشینی و مووچه ‌و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان له‌هه‌رێم كرا.
 له ‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندتركردنی پڕۆژه‌كه‌ و خزمه‌تكردنی باشتری كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید، چه‌ندین تێبینی و سه‌رنجیان له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه‌وه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مانتاران كرد و داواشییانكرد له‌ چوارچێوه‌ی ماده‌ی حه‌فته‌می پڕۆژه‌ یاسای پێشنیاز كرا و بڕگه‌یه‌ك جێبكرێته‌وه‌ كه‌ئه‌ویش پێشنیازه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانه‌ كه‌ داوا ده‌كات لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندی یاسایی كه‌ له‌لایه‌ن دادوه‌رێكه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی بكرێت بۆ پێداچوونه‌ به‌ تۆماری شه‌هیدان و جینۆساید پێكبهێنرێت.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له ‌خانه‌نشینی و مووچه ‌و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان له ‌هه‌رێم، باس له‌چۆنیه‌تیی رێكخستنه‌وه‌ی لیست و مووچه‌ی زیندانیانی سیاسی كرا.
له‌به‌رامبه‌ریشدا، سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ده‌سپاكی پشتگیری و هاوكاریی لیژنه‌كه‌یان و په‌ر‌له‌مانیان بۆ تێبینی و سه‌رنجه‌كانیان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆ وه‌فده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان روونكرایه‌وه‌، كه‌ لیژنه‌كه‌یان ئه‌و تێبینی و سه‌رنجانه‌ له ‌راپۆرتی كۆتایی لیژنه‌ جێده‌كه‌نه‌وه‌و به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و خستنه‌ڕووی له‌كاتی گفتوگۆكردن و خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌دا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان