جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ ئاماده‌بوونی سكرتێری په‌رله‌مان پێشوازی له‌ كونسوڵی نوێی توركیا له‌ هه‌رێم ده‌كات

08/01/2018 04:00:00 م
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 8/1/2018 ، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ هاكان قه‌ره‌چای، كونسوڵی گشتیی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌رى كرد.
له‌ دیدارێكدا سه‌ره‌تا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ناوی خۆى و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتن  و پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی نوێی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ڕێزیان كرد و خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی به‌سه‌ردانی بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماژه‌ی به‌رۆلی توركیا له‌ناوچه‌كه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌ مێژینه‌ی كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و گه‌لی توركیا هه‌یه‌ كرد و هیوای خواست كونسوڵی نوێی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر رۆڵی خۆی ببینێ له‌ به‌هێزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی توركیا بۆئه‌وه‌ی بگه‌ریَِته‌وه‌ دۆخی جاران له‌ رووی سیاسی و بازرگانی و هاوكارییه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ فاكته‌ری سه‌قامگیرییه‌ بۆ وڵاتانی دراوسێ، وه‌ك توركیا و ئێران و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زیاتر چاومان له‌وه‌یه‌ كه‌ دۆستایه‌تی و برایه‌تیی نێوان گه‌لانی دراوسێمان و په‌یوه‌ندییه‌كانمان زیاتر به‌ره‌وپێش به‌رین".
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند پرسێكی گرنگ و هه‌نووكه‌یى كرد كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و  عێراق ده‌گوزه‌رێت، به‌تایبه‌ت گفتۆگۆكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق كه‌ ئێستا نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ و رایگه‌یاند: "حكومه‌تی عێراق وه‌ك پێویست نایه‌ته‌ پێش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان وه‌ك ئه‌و رووداوانه‌ى كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا روویاندا هیچ گوێیان بۆ داخوازییه‌كانی گه‌لی كوردستان نه‌گرتووه‌ و ده‌ستووریان پێشێلكردووه‌، ئێمه‌ ده‌خوازین و داواده‌كه‌ین هه‌موو كێشه‌كانى كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ دیالۆگ و گفتوگۆ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێن نه‌وه‌ك به‌ هێزی سه‌ربازی و دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ته‌عریب له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كاندا".
سه‌باره‌ت  به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ كۆبوونه‌وه‌كان كرد كه‌ له‌ ئێستادا حكومه‌ت و كۆمیسیۆن له‌ گفتۆگۆدان بۆ دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن و بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقیش رایگه‌یاند: "بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان به‌ نیازین به‌ به‌شداریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌ك لیست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین".
پاشان خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان كورته‌یه‌ك له‌ بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و كاری په‌رله‌مانی  و هه‌ڵبژاردنى له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ شاندی میوان شیكرده‌وه‌ و داوای له‌ كونسوڵی نوێی توركیا كرد كه‌ هه‌وڵه‌كانی چڕ بكاته‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدان و پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و توركیا له‌ بواره‌كانی سیاسی و بازرگانی و پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ به‌ قازانجی گشت لایه‌كه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا هاكان قه‌ره‌چای، كونسوڵی نوێی توركیا سوپاس و پێزانینی خۆی گه‌یانده‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ ئاشانبوون به‌ بارودۆخی سیاسی و ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی كه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقدا هه‌یه‌ و هیوای خواست به‌زووترین كات له‌ رێگه‌ی ده‌ستووری عێراقه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و مافی هه‌موو لایه‌ك پارێزراوبێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرد و گووتی: "وه‌ك كونسوڵی توركیا به‌رده‌وام ده‌بین و به‌رۆلی خۆمان هه‌ڵده‌ستین بۆ زیاتر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و توركیا و به‌چاوی رێزه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ دۆستایه‌تیی نێوانمان  و به‌رده‌وام ده‌بین".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

<كانون الثاني 2018>
سأاثأخج
303112345
6789101112
13141516171819
20212223242526
272829303112
3456789