په‌رله‌مانی كوردستان مه‌ڕاسیمێكى ماته‌مینی بۆ كۆچی دوایی مام جه‌لال ساز ده‌كات

10/10/2017 10:36:00 ص
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 10/10/2017 ، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ژێر چاودێریی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و راوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌رانی سه‌رجه‌م به‌شه‌ جیاجیاكانی په‌رله‌مان و فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندان و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، مه‌ڕاسیمێكی ماته‌مینیی بۆ كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال، سه‌رۆككۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان سازكرد.
له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان و راوێژكاران و  به‌ڕێوه‌به‌ران و فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانی سه‌رجه‌م به‌شه‌ جیاجیاكانی په‌رله‌مان، تاجه‌گوڵینه‌یان له‌و شوێنه‌ دانا كه‌ تاییه‌ت كرابوو بۆ مه‌ڕاسیمه‌كه‌ وه‌ك رێزلێنانێك له‌ خه‌بات و ماندووبوون و رۆلی كاریگه‌رى به‌ڕێزیان له‌ بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازیی گه‌له‌كه‌مان و گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌دا.
 
 
 
دواتر دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو تیایدا وێڕای گه‌یاندنی پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیی په‌رله‌مان بۆ خانه‌واده‌و  كه‌سوكارى سه‌رۆك مام جه‌لال و ته‌واوى سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامان و كادیران و دۆست و لایه‌نگرانی یه‌كێتیی و نیشتیمانیی كوردستان و  فراكسیۆنی سه‌وز له‌ په‌رله‌مان كوردستان و گه‌لانی كوردستان به‌گشتى، باسی له‌ رۆلی به‌ڕێز مام جه‌لال كرد له‌ بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازی گه‌لى كوردستان و هه‌وڵ و كاریگه‌ریی به‌ڕێزیان له‌ بنیاتنانه‌وه‌ى عێراقی نوێ و  كۆكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك مێزداو رایگه‌یاند: "مام جه‌لال مامی گه‌وره‌ خاوه‌ن هزرى گه‌وره‌، خاوه‌ن خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدانی گه‌وره‌، هه‌رگیز له‌یاد ناكرێ و هه‌میشه‌ یاد ده‌كرێته‌وه‌ كه‌توانیویه‌تی له‌ ژیانی خۆیدا  هه‌موو خه‌ونه‌كان به‌دی بێنێت  له‌پێناو ئازادیی كوردستان، له‌پێناو به‌خته‌وه‌ری گه‌لانی كوردستان".
هه‌روه‌ها گووتى: "ئه‌مڕۆ  شایسته‌ بوو و له‌جێگه‌ی خۆی بوو كه‌ پرسه‌یه‌كی تایبه‌ت، رێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ ببه‌ین".
 
 
 
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "دڵنیاین كه‌كۆچی دوایی مام جه‌لال ده‌بێته‌ هه‌وێنی یه‌كڕیزی و ته‌بایی زیاتر له‌نێوان  لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا، كه‌هه‌میشه‌ ئه‌و تێكۆشاوه‌ له‌پێناوی ئه‌وه‌دا  كه‌ كوردستانییان به‌ چه‌پكه‌گوڵه‌وه‌ جوانن، به‌چه‌پكه‌گوڵه‌وه‌ به‌هێزن، به‌چه‌پكه‌گوڵه‌وه‌ ده‌توانن هه‌موو ئامانجه‌كان به‌دی بێنن" .
له‌كۆتایی مه‌ڕاسیمه‌كه‌شدا له‌لایه‌ن دلێر ماوه‌تى، سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌وزى په‌رله‌مانی كوردستان وتارێكی پێشكه‌شكردو تیایدا وێڕای گه‌یاندنی سوپاسگوزاریی فراكسیۆنی سه‌وزى په‌رله‌مان به‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان و رێكخه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانى مه‌ڕاسیمه‌كه‌و ده‌زگاكانى راگه‌یاندن، باسی له‌رۆلی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان و بنیاتنانه‌وه‌ى عێراقی نوێ كردو به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ به‌ناوی فراكسیۆنی سه‌وزى په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، داوای ته‌بایی و یه‌كڕیزیی راسته‌قینه‌ی نیشتیمانی و ته‌بایی ته‌واوی نێوان فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانى كردو رایگه‌یاند: "هیوادارین په‌رله‌مان به‌ته‌واوى چالاك بكرێته‌وه‌و لیژنه‌ و ده‌سته‌كانی چالاك بكرێن، به‌تایبه‌تی له‌و كاته‌دا كه‌كوردستان پرسه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی مه‌زنى ده‌گێڕِێت و ناوچه‌كه‌و هه‌رێمی كوردستان به‌دژوارترین دۆخی سیاسی و ئابووریدا تێده‌په‌ڕێت و دوژمنانی كوردستان خه‌ریكی ئیتیفاقییه‌ی دوو قۆڵی و سێقۆڵین و هێزی خۆیان چڕكردۆته‌وه‌ بۆ گرتنی بیناقاقای خه‌ڵكی كوردستان".
 
 
 
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قۆناغه‌ وردبینی و حیكمه‌تی هه‌موولایه‌كی ده‌وێت، ده‌بێت ئامۆژگارییه‌كانی بكه‌ینه‌ كردار بۆ رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی یه‌كێتی و نێوماڵی كوردان".
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
  

رۆژمێرى رووداوه‌كان